محەممەد نەزەری ٦٢ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

15:10 - 7 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد نەزەری، یەکێک لە کۆنترین زیندانییانی سیاسیی کورد، لە هەمبەر گواستنەوەی بۆ بەندی سەروی ئەمنییەتی زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج ناڕەزایەتی دەر بڕیوە و ماوەی ٦٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای نالەبار بوونی تەندروستی جەستەیی محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج، نابراو لە سەر مانگرتنەکەی بەردەوامە.

داواکاری ئەو زیندانییە سیاسییە، قەبووڵ کردنی داوای \"گەڕانەوەی دادڕەسی\" (اعادە دادرسی) و بەکار بردنی ماددەی ١٠ ئایینی دادڕەسی بووە.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.

ناوبراو یەکێک لە کۆنترین زیندانییانی سیاسیی کوردستان و ئێرانە، کە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و چالاکیی تەبلیغی بۆ ئەو حیزبانە دەستبەسەر کرا و دادگا بەبێ بوونی پارێزەر و بە سەرۆکایەتی دادوەر \"جەلیل زادە\"، بەرپرسی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ناوبراوی بە ئێعدام مەحکووم کرد.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی‌شاری کەرەج لە دەسبەسەری دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسیی بێبەرییە.

محەممەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

پاش گواستنەوەی ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی لە گرتووخانە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج بۆ بەندی سەروی ئەمنییەتیی، ژمارەیەک لە زیندانییان سەبارەت بە بارودۆخی بەندی نوێ و ناڕوونی دۆسیەی قەزایی ناڕەزایەتییان دەربڕی و مانیان لە خواردن گرت.

سەعید شیرزاد، زیندانیی دیکەی کورد، لە گرتووخانە ڕەجایی شاری کەرەج سەرەڕای نالەبار بوونی تەندروستی و لە سەر داوای هاوبەندەکانی و بنەماڵەکەی، پاش ٥٦ ڕۆژ مان لە خواردن، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ماوەیەک پێش، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بارودۆخی زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەجی بە \"نموونەی هەڵسوکەوتی بێڕەحمانە و نامرۆڤانە\" وەسف کرد.

هەر لەو پەیوندییەدا، شۆرای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژە کردن بە دۆخی نالەباری زیندانییانی مانگرتووی زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج نیگەرانی خۆی دەربڕی بوو و بەرپرسانی دەزگای قەزایی و ڕێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە بەرپرسی گیانی زیندانییان ڕاگەیاند بوو.