محەممەد مورادی لە زیندانی نەغەدە بە دانانی بارمتەی ٨ میلیارد تمەنی ئازاد کرا

16:57 - 21 رەشەمه 2721

ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ڕەشەمە، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "محەممەد مورادی" خەڵکی گوندی "قەبری حوسێن" سەر بە شاری پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ٨ میلیارد تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە بە دانانی بارمتەی قورس هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراوە.

محەممەد مورادی ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەشەمە،  لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ١٥ ساڵ دوور خرانەوە بۆ یەکێک لە شارەکانی پارێزگای زەنجان مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمە، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە پاش ڕەتکردنەوەی حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات، لە ڕێگای ڤیدیۆکۆنفڕانسێکەوە لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە چووبوو.

مانگی  بانەمەڕی ئەمساڵ ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "محاربه" لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحكووم کرابوو.

حوکمی محەممەد مورادی بەهۆی کەموکۆڕی لە لێکۆڵینەوەکان لە لقی ٣٤ی دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ تاوتوێکردنی دووبارە نێردراوەتەوە بۆ ئەو دادگایەی کە سەرەتا ئەو حوکمەی بەسەر "محەممەد مورادیـ"ـدا سەپاندووە.

محەممەد مورادی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پاش ڕۆیشتن لەو حیزبە، مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٦ لە سنووری "کێلێـ"ـی سەردەشت گەڕابووەوە بۆ ئێران.

ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، سەرەتا بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە و دواتر بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵەیە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و هەنووکە لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨، دوو برای محەممەد مورادی بە ناوەکانی "عەبدولڕەحمان و سادق مورادی" لە سنووری "کۆترانـ"ـی شاری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای سپای پاسداران کوژرابوون.