محەممەد عەبدوڵلاهی زیندانیی سیاسیی کورد بارودۆخی جەستەیی نالەبارە

14:46 - 23 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: محەممەد عەبدوڵڵاهی، زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ‌دا دوای ١٣ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن باردۆخی جەستەیی نالەبارە و ئێستاش لە ژووی تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد عەبدوڵڵاهی زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئیعدام لە زیندانی ناوەندیی ورمێ کە نیسبەت بە حوکمی \"ناعادڵانە\" و بەدوادانەچوون بە پەروەندەکەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە و مانی لە خواردن گرتووە و لە ڕۆژی سێشەممەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوییەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن، ماوەی چوار ڕۆژە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و بە هۆی تێکچوونی باردوخی جەستەیی بۆ بێهداری زیندان ڕاگوازراوە و هەنووکە باردۆخی جەستەیی زۆر خراپە.

ماڵپەڕی \"هێرانا\" لەو باریەوە بڵاوی کردووەتەوە کە محەممەد عەبدووڵڵاهی ڕایگەیاندووە تا بەدواداچوون بە پەروەندەکەی نەکرێت دەست لە مانگرتن هەڵناگرێت.

محەممەد عەبدوڵڵاهی خەڵكی شاری بۆكانە و ماوەی ٨ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەسبەسەر كرا و دوای ١٥ مانگ ڕاگرتنی لەگرتنگەی ئیتلاعاتدا، لەئەنجامدا لەلایەن دادگای \"ئینقلاب\"ی شاری مەهابادەوە بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی دژبەری كۆماری ئیسلامیی بە ئیعدام مەحکووم درا.

هەر لەو پێوەندییەدا، بەرپرسانی زیندانی ورمێ بە بانگهێشتی چوار زیندانیی دیکە بە ناوەکانی سامان نەسیم، محەممەد عەبدوڵڵاهی و دو زیندانیی غەیری سیاسی دیکه، هۆشداریان پێ داون کە لەمەڕ جێبەجێ‌کردنی بڕیاراتی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران و ڕێکخراوی زیندانەکان لە ورمێ، ئەگەری ئیعدام کردنیان لە ئارا دایە.