محەممەد سەیفزادە: ئێعدام کردنی تۆماتبارانی مادەی سڕکەر چارەسەر نیە

20:40 - 26 رەزبەر 2716

 

ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی ئێرانی زیندانی و ئێعدام کردنی کەسانی توشبوو بە مادەی سڕکەر لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە چارەسەر نازانێت.
محەممەد سەیف زادە لە وتوێژێکدا لەگەڵ مانگنامەی \"خط صلح\" سەبارەت بە پرسی سزای ئێعدام لە پەیوەندی لەگەڵ مادەی سڕکەر، بە ڕەت کردنەوەی سزای ئێعدام و تەنانەت زیندانی بۆ ئەو زیندانییانە دەڵێت؛ ئەو جۆرە سزایانە چارەسەری پرسەکە ناکات. لەبەرانبەریشدا سزاگەلێک پێشنیار دەکات کە لە ١٢ وڵاتی جیاوزی جیهان و لە ژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو وڵاتانە لەو پێوەندییەدا ئەزموون کراون و وەڵامدەر و کارێگەر بوون.

ناوبراو دەڵێت: ئەگەر مەبەست لە لەسێدارەدانی تاوانبارانی مادەی سڕکەر چاکسازیی تاوانباران بێت، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بە ئێعدام کردن ناتوانین هیچ کەسێک چاک بکەینەوە، بە تایبەت لە زانستی کۆمەڵناسیدا سەلمێندراوە کە ئێعدام و زیندانی کردن کە کۆنترین سزای مێژووی مرۆڤایەتیە، نەیتوانیوە ئەو تاوانانە کەم بکاتەوە.

ئەو پارێزەر هەروەها لە درێژەی ئەو وتوێژە دەڵێت؛ لەو پەیوەندییەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چەند ساڵ لەوە پێشەوە تاقیکاری لە پەیوەندیی لەگەڵ سزای جێگرەوەی سزای بەردەست بۆ مادەی سڕکەر لە ١٢ وڵاتی جیهاندا ئەنجام داوە، هەروەها بڕیار بوو لە ڕێگەی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مڕۆڤ لە ئێرانیش ئەو تاقیکارییە ئەنجام بدرێت، دەرئەنجامی ئەزموونی ئێمە لە سەر ئەو شێوەیە لە سزای تاوانی پەیوەندیدار لەگەڵ مادەی سڕکەر، سزا قورسەکان بەکەڵک چارەسەری نایەت.

ئەو پارێزەرە دەڵێت؛ دەرئەنجامی تاقیکاری لە ١٢ وڵاتی وەک، فینلاند، دانمارک، هۆلەند سوویس، سوئید و هەروەها لە چەند ئەیاڵاتی ئامریکا، لە ژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان سەرکەتوو بووە و شیرازەی بنەماڵەکانیشی تێک نەداوە.