محەممەد سەلیمی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا

11:32 - 23 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی شەممە ٢٢ی گەلاوێژ، محەممەد سەلیمی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، بۆ جێبەجێكردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی سەقز، گوێزرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە پاش بانگهێشتکردنی بۆ یەکەی بەڕێوەبەریی یاساکانی دادگای ئینقلابی سەقز، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە، کرا.

 مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، محەممەد سەلیمی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ١١ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

دواتر حوکمی ئەو هاووڵاتییە لە دادگای پێداچوونەوە بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی و دوو مانگ و ٢٣ ڕۆژ زیندانی تەعزیری کەم کرابووەوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی "محەممەد سەلیمی" بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.