محەممەد سەلاس ئێعدام کرا

14:51 - 28 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لە سێدارەدانی یەکێک لە دراوێشی گۆنابادی نیعمەتوڵلاهی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی زانیاری گەیاندنی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی شاری تاران، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ ٢٨ی جۆزەردان، حوکمی ئێعدامی محەممەد ڕەزا سەلاسی باباجانی، یەکێک لە دراوێشەکانی گۆنائابادی نیعمەتوڵلاهی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

ناوبراو، بەوە تۆمەتبار بووە کە ڕۆژی ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو (٩٦)، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی نێوان دەروێشە گۆنابادییەکان و مەئموورانی ئینتزامیی لە شەقامی پاسدارانی شاری تاران، لە کاتی لێخوڕینی ئۆتوبوس، سێ کەس لە مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی کوشتوە.

لقی ٩ی دادگای کەیفەری یەکی شاری تاران لە دادنامەیەکدا لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦ محەممەد سەلاسی بە هۆی سێ کەڕەت \"کوشتنی بە ئەنقەست\" بە سێ کەڕەت قیساس مەحکووم و ئاکامی پێداچوونەوەی حوکمەکەی لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە.

زەینەب تاهیری، پارێزەری محەممەد سەلاس ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ جۆزەردان، لە توییتێری شەخسی خۆیدا، دژکردنەوەی بە نیسبەت حوکمی ئێعدامی بریگرتەکەی لە ڕۆژی دووشەممە ڕوو لە دادستانی شاری تاران نووسیوویەتی: \"محەممەد سەلاس سەرلە بەیانی دووشەممە ئێعدام دەکرێت، ئاغای دادستانی شاری تاران، من وەکوو پارێزەرێکی لە مێژینە کە ماوەی چەندین ساڵە کاری پارێزەرایەتی دەکەم ، گەرەنتی ئەوە دەدەم کە ناوبراو بێتاوانە،

هۆکارگەلێکی حاشا لێنکراوم هەیە، کە محەممەد سەلاس بێتاوانە. هۆکاری ئەم پەلە کردن و زۆڵمە چییە؟ ئەگەر بڕیارە من بە هۆی بێتاوانی کەسێکی بێتاوان دەسبەسەر بکرێم، تکایە لەو بارەوە هەوڵ بدەن، چوونکە من ناتوانم شەرافەتی خۆم بفرۆشم\".

ئێعدامی محەممەد سەلاس لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کردبوو، حوکمی ئێعدامی ناوبراو ڕاگرن و حوکمی ئێعدامەکەش هەڵبوەشێننەوە.