محەممەد سەدیق كەبوودوەند لە مانگرتنەكەی بەردەوامە

16:48 - 31 جۆزەردان 2712
::كوردپا: دوای تێپەڕینی 26 رۆژ، لێپرسراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان درێژەی بە مانگرتن لە خواردن داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەمرۆ بنەماڵەی كەبوودوەند لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەو زیندانییە باسیان لە ناتەندرووست بوونی بواری جسمانی ئەو چالاكەی مافی مرۆڤ كردووە.

پەریناز حەسەنی هاوسەری محەممەد سەدیق كەبوودوەند بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە،\" ئاغای كەبوودوەند لە سەر داوای دوستان و هاوبەندی و هەروەها بنەماڵەكەی مانگرتنی وشكی شكاندووە، بەڵام رایگەیاندووە كە درێژە بە مانگرتنەكەی دەدات\".

پێشتر محەممەد سەدیق كەبوودوەند رایگەیاندبوو كە لە ئەمرۆوە مانگرتنی وشك دەست پێی دەكات.
\"4908.jpg\"

هاوسەری كەبوودوەند لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ ئاژانسی كوردپا وتی: خوشكەكانی ئەمرۆ توانیویانە چاویان بە محەممەد سەدیق بكەوێ‌ و زۆر نیگەرانی بواری تەندرووستین و رایانگەیاندووە:\" ئاغای كەبوودوەند كێشی زۆر دابەزیوە و رەنگ و رووی گوڕدراوە و لە كاتی ملاقاتەكەدا زۆر بێ‌ حاڵ بووە\".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا محەممەد سەدیق كەبوودوەند بە هۆی ناجێگر بوونی بواری تەندرووستی رەوانەی بهداری ناو زیندان كراوە.

ئاغای كەبوودوەند چالاكی مافی مرۆڤی كورد بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە بڕیاری دەزگای قەزایی ـ ئەمنیەتیی لە پێوەندیی رەت كردنەوەی مەرەخسی ماوەی 26 رۆژە مانی لە خواردن گرتووە.

هەتا ئێستا لێپرسراوانی قەزایی هیچ هەوڵێكیان بۆ جێبەجێ‌ كردنی داوكاری كەبوودوەند نەداوە.

ئەو چالاكەی مافی مرۆڤ دوابەدوای نەخۆشی كوڕەكەی كە پێوستیە چاوی بە باوكی بكەوێ‌ مانی لە خواردن گرتووە و ئەمە لە حاڵێكدایە كە محەممەد سەدیق كەبوودوەند لە ماوەی دەستبەسەركرانیدا چەندین جار تووشی نەخۆشی درێژخایەن بووە و پێویستی بە چارەسەری پزشكی لە دەرەوەی زیندان هەیە.

كەبوودوەند هەتا ئێستا بۆ چەندین جار لەسەر بەڵێنییەكانی لێپرسراوانی دەزگای قەزایی مانگرتنی شكاندووە، بەڵام ئەو لێپرسراوانە هیچ كات پابەندی بەڵێنییەكانیان نەبوون.