محەممەد سەدق کەبوودوەند لەلایەن موقیسەوە دادگای کرا

22:19 - 4 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا:بەرپرسی زیندانی کراوی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای مانگرتنی لە خورادن لە دادگای ئینقلابی شاری تاران ئامادە بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، محەممەد سەدق کەبوودوەندی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام تاوانبار کرد.

دادگای کردنی کەبوودوەند، ئەمڕۆ سێ شەممە ٤ی جۆزەردان لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە لەلایەن دادوەر محەممەد موقیسە (ناسریان بەرێوەچوو.

ڕاپۆرتە نێردراوەکە بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە بەرپرسی ڕێکخراوای مافی مرۆڤی کوردستان تۆمەتە وەپاڵ دراوەکانی دادگای، ڕەت کردوتەوە.

بڕیار وایە دادگا حوکمە سەرەتاییەکەی کەبوودوەند بە زووی لە زیندان ڕابگەیەنرێت.

موقیسە لە ئێران بە ناوی دادوەری مرگ ناسراوە و بە پێی ڕاپۆرتی\"اتحاد برای ایران\" ناوبراو ٢٤٨کەس لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا دادگای کردووە.

محەممەدسەدیق کەبوودوەندلە ١٩ی بانەمەڕەوە،سەبارەت بەدۆسیەی سازکراو،بۆزیندانیکردنی درێژماوەی خۆی،مانی لەخواردن گرتووە و بە هۆی ناڵەبار بوونی دۆخی جیسمانی ناوبرا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

بنەماڵە و نزیکانی کەبوودوەند بە هۆی دابەزینی کێش و نەخۆشی دڵ و پرۆستات و خەستبوونی خوێنەکەی بە جیددی نیگەرانن.

لەلایەکی دیکەوە، حەسەن ئەمینی یەکێک کەسایەتییە میللی_مەزهەبییەکانی کوردستان لە نامەیەکەدا، داوای لە محەممەد سەدیق کەبوودوەند کرد، کۆتایی بە مانگرتنەکەی لە خواردن بهێنێت.

دەقی ئەو نامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، هاتووە: ئەمن وێڕای بە داخبوون، بە هۆی ڕووداوی پێش هاتوو بۆ ئەو چالاکە مەدەنییە، داوای جیددی لە بەرپرسانی پەیوەندییداری حکوومەتی دەکەم بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکەی ناوبراو و هەروەها داوا لە کەبوودوەند دەکەم بە زووترین کات کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن بهێنێت، هەتاکوو بنەماڵە و نزیکانی ئەو چالاکە مەدەنییە لە نیگەرانی ڕزگاریان بێت.