محەممەد سدیق کەبوودوەند بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد دەکرێت

21:45 - 21 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد سدیق کەبوودوەند پاش ١٠ ساڵ بەسەر بردن لە زیندان، ڕۆژی هەینی ٢٢ ی بانەمەڕ بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد دەکرێت.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ ئازادیی کەبوودوەنددا ڕاگەیاندووە: سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، یاسای \"کۆکردنەوەی تاوانەکان\" سەبارەت بە دۆسیەی ناوبراو بەکار نەبراوە، بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای نوێ، لە ئەگەری کۆکردنەوەی تاوانەکاندا، تەنیا حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی کەبوودوەند لەبەرچاو دەگیرێت و زیندانی ٦ مانگەی ناوبراو لەبەرچاو ناگیردرێت.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیە دا هاتووە: محەممەد سدیق کەبوودوەند سەرۆکی و دامەزرێنەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٢٢ بانەمەڕ، پاش تێپەڕاندنی ١٠ ساڵ بەندکرانی لە زیندانی بە دانی بارمتە لە زیندان ئازاد دەکرێت، کە ئەوە لە حاڵێک دایە کە دەبوو ناوبراو ڕۆژی سێ شەممە ئەم حەوتوویە ئازاد بکرێت کە بە بیانووی سێ ڕۆژ\"غیبت\" لە کاتی هاتنە مورخەسی هەتا ڕۆژی هەینی دواخرا.

کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی دەستبەسەرکرانە خۆسەرییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەیەک دامەزراندنی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانی یاسایی و چالاکییەکانی محەممەد سدیق کەبوودوەندی یاسایی ڕاگەیاند و حوکمی ١٠ زیندانیی بە سەر ناوبراودا نایاسایی ڕاگەیاند.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری حەوتووتەنامەی \"پیام مردم\" و دامەزرێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک زیندانی و دەستبەسەری، لە لایەن دەزگا قەزاییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە ١١ ساڵ زیندانی بوون حوکم درا.

کەبوودوەند لەماوەی دەستبەسەری‌ لە زیندانی \"ئێڤین\"ی تاران، دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ و جارێکیش تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە.

دامەزرێنەری ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان، زۆرجار وتوویەتی: زیندانی کردنی کەبوودوەند نایاساییە و دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان هەیە و ئازاد کردنی کەبوودوەند دەبێ بێ مەرج بێت.