محەممەد حوسێن ئاقاسی: ڕێگاکانی ئازاد کردنی محەممەد نەزەری داخراوە

15:32 - 26 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: داواکاری \"اعادە دادرسی\" زیندانییەکی سیاسی کورد لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، ڕەت کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دیوانی باڵای وڵات و دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، داواکاری \"اعادە دادرسی\"، محەممەد نەزەری، زیندانی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ورمێ ڕەت کردووە.

محەممەد حەسێن ئاقاسی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری لە شاری تاران و پارێزەری دۆسیەی محەممەد نەزەری وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: داواکاری \"اعادە دادرسی\" برێگرتەکەم، هەم لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد و هەم لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کراوەتەوە.

\"\"محەممەد حەسێن ئاقاسی، پارێزەری دۆسیەی محەممەد نەزەری
ناوبراو سەبارەت بە هۆکاری ڕەت کردنەوەی داواکاری اعادە دادرسی محەممەد نەزەری وتی: لە دۆسیە ئەمنییەتییەکاندا، حوکمی دادگا بە ئێمە نادەن.

ئەو پارێزەرە پلە یەکەی دادگوستەرییە پێداگری لە سەر ئەوە کرد کە، ئەو ڕێگایانەی کە دەبێتە هۆی ئازاد کردنی محەممەد نەزەری داخراون.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.

ناوبراو یەکێک لە دێرینەترین زیندانییانی سیاسیی کوردستان و ئێرانە، کە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و چالاکیی تەبلیغی بۆ ئەو حیزبانە دەسبەسەر کراوە و دادگا بەبێ بوونی پارێزەر و بە سەرۆکایەتی دادوەر \"جەلیل زادە\"، بەرپرسی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ناوبراوی بە ئێعدام مەحکووم کرد.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی‌شاری کەرەج لە دەسبەسەری دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسیی بێبەرییە. ئەو زیندانییە سیاسیە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ خەزەڵوەر ساڵی ٩٦، لە سەر داواکاری محەممەد حوسێن ئاقاسی، پارێزەری دۆسیەی ناوبراو کۆتایی بە مانگرتنە ٩٩ ڕۆژیەکی خۆی هێنا.