محەممەد حاجی ڕەسووڵ‌پوور بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا

10:47 - 19 سەرماوەز 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد حاجی ڕەسووڵ‌پوور"، خەڵکی بۆکان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی"، ٥ مانگ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٩٩، ناوبراو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.

شەوی سێشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٩٩، "محەممەد حاجی ڕەسووڵ‌پوور" لە شوێنی کارەکەی، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو وەکوو کامپیۆتێر، مۆبایل و کامێرای چاوەدێریی شوێنی کارەکەیان لێ زەوت کردبوو و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.