محەممە نەزەری بۆ بەشی ئیزولەی بێهداری زیندان ڕاگواستراوە

20:16 - 20 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد نەزەری، یەکێک لە دێرینەترین زیندانییانی کوردستان و ئێران، لە بەشی ئیزولەی بێهداری زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج بەند کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج پاش گەڕانەوە لە نەخۆشخانە لە بەشی ئیزولەی بێهداری ئەو زیندانە بەند کرا و ئیمکانی چاوپێکەوتن و قسەکردنی لەگەڵ زیندانییانی دیکە نییە و بەرپرسانی زیندان سەرەڕای داواکارییەکەی، لە هێنانەوەی بۆ سالۆنی ١٠ زیندان و بەشی زیندانییانی سیاسی خۆیان دەبوێرن.

محەممەد نەزەری یەکێک لە دێرینەترین زیندانییانی سیاسی کوردستان و ئێران، لە سەر داوای محەممەد حوسێن ئاقاسی، پارێزەری دۆسیەی ناوبراو، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

محەممەد نەزەری، وەکاڵەتنامەی بۆ پارێزەری دۆسییەکەی واژۆ کرد، داواکاریی ئەو زیندانییە سیاسییە پێداچوونەوە بە حوکمەکەی لە سەر بنەمای یاسای سزای ئیسلامیی نوێیە، کە لە ساڵی ٩٢ی هەتاوی چووەتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە و لە ئەگەری جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە، زیندانی هەتاهەتایی محەممەد نەزەری بۆ ١٥ ساڵ کەم دەبێتەوە.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەسبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە و لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ئەو یاسایە بە زووترین کات ئازاد دەکرێت.