ماڵی پیرشالیار لە هەورامان لە ریزی ئاسەوارە میللییەكاندا تۆمار كرا

20:30 - 31 خاکەلێوه 2712
كوردپا: ماڵی \"پیرشالیار\" هەڵكەوتوو لە بەخشی \"هەورامان تەحت\"ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە پارێزگای كوردستان لە لیستەی ئاسەروارە میللییەكانی ئێراندا تۆمار كرا.

لێپرسراوی ئیدارەی گشتیی میراتی فەرهەنگی، پیشەی دەستی و گەشتیاریی پارێزگای كوردستان بە ئاژانسەكانی هەواڵی راگەیاندووە، ماڵی پیرشالیار هەڵكەوتوو لە بەخشی \"هەورامان\"ی سەر بە سەوڵاوا بە ژمارە 29577، لە ریزی ئاسەوارە میللییەكانی ئێراندا تۆمار كراوە.

لە ماڵی پیرشالیاردا هەر ساڵە لە نیوەی دووەمی مانگەكانی رێبەندان و بانەمەڕ \"جێژنی پیر\" كە یەكێك لە بۆنە ئایینیە دێرینەكانی دەڤەری هەوەرامانە، بە بەشداریی پێڕەوان و عاشقانی رێچكەی بیر و ئەندێشەی پیرشالیار بەڕێوە دەچێت.

ئەو ئایین و بۆنانەی كەلە جێژنی پیردا بەڕێوە دەچن بریتیتن لە: مەولوونامە خوێندنەوە، كۆمسای، كڵاورۆچنە، گورزان، تربێ‌، گورزان، كۆتەكۆتە و لێنانی چێشتی تایبەتی.

پێشتریش جێژنی پیر (زەماوەندی پیر)یش لە ریزی ئاسەوارە میلییەكانی ئێراندا تۆمار كراوە.