ماڵی وەفایی لە هەولێر كۆڕێك بۆ عەتا نەهایی رۆماننووسی كورد رێك دەخات

19:45 - 24 بانەمەڕ 2712
كوردپا: ماڵی وەفایی لە درێژەی چالاكیی حەفتانەی خۆیدا لە كتێبخانەی زەیتوونە كۆڕێك بۆ عەتا نەهایی، نووسەر و رۆماننووسی كورد رێك دەخات.

سۆران عەزیز بەرپرسی \"ماڵی وەفایی\" لە هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند: ناوەرۆكی ئەو كۆڕە \"واقیع لە چیرۆك و رۆمانی كوردی\"دا دەبێت و كۆمەڵێكی بەرچاو لە ئەدیب و نووسەرانی شاری هەولێر بانگهێشتی ئەو كۆڕە كراون و گفتوگۆیەكی كراوە دەبێت لەسەر ئەم تەوەرە.

سۆران عەزیز ئاماژەی بەوەش كرد، كۆڕە كاتژمێر 4ی ئێوارەی رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 24ی بانەمەڕ و لە كتێبخانەی زەیتوونە لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوە دەچێت.

\"4528.jpg\"
ماڵی وەفایی، ناوەندێكە بۆ گفتوگۆی كراوەی ئەدەبی و رۆشنبیری كە ماوەی 6 مانگە لە شاری هەولێر دامەزراوە و حەفتانە كۆڕ، سیمینار بۆ ئەدیب، نووسەر و رۆشنبیرانی كورد رێك دەخات و بەرهەمی جۆراوجۆری ئەدەبی و فەرهەنگیی تێدا تاوتوێ‌ و شرۆڤە دەكرێت.

عەتا نەهایی، نووسەر و رۆماننووسی كورد، ساڵی 1339ی هەتاوی لە شاری بانە لە كوردستانی ئێران لەدایك بووە.
خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی ده‌زگای ئاراسی هه‌ولێری له‌ ساڵی ١٣٨٤ و خه‌ڵاتی زێڕینی هه‌ردی بۆ داهێنانی له‌ ساڵی ١٣٨٧ له‌ فستیڤاڵی گه‌لاوێژ له‌ سلێمانی وه‌رگرتووه‌.
ئه‌وه‌ی که‌ تا ئێستا وه‌ک کتێب له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاوی کردوونه‌ته‌وه‌ بریتین له‌:

نووسین:
- زریکه (کۆمه‌ڵه‌ چیرۆک) بڵاوکراوه‌ی ناجی / بانه 1371
- ته‌نگانه (کۆمه‌ڵه‌ چیرۆک) ‌له‌سه‌ر ئه‌رکی نووسه‌ر/ ته‌ورێز ‌1374‌
- گوڵی شۆڕان (رۆمان) بڵاوکراوه‌ی محه‌ممه‌دی / سه‌قز 1376
- ئه‌و باڵنده‌ برینداره‌ که‌ منم (کۆمه‌ڵه‌ چیرۆک) ده‌زگای سه‌رده‌م / سلێمانی 1383‌
- باڵنده‌کانی ده‌م با (رۆمان) ئه‌نستیتۆی فه‌رهه‌نگی و نه‌شری ژیار/ تاران 1381
- گره‌وی به‌ختی هه‌ڵاڵه (رۆمان) ‌بڵاوکراوه‌ی ره‌نج / سلێمانی 1386
- کۆی به‌رهه‌مه‌کان/2 به‌رگ (رۆمان و چیرۆک) ده‌زگای ئاراس / هه‌ولێر 1386
- تحلیل ساختاری منچومه‌های عاشقانه‌ی کوردی / (به‌ زمانی فارسی) / ئیجازه‌ی چاپی پێنه‌دراوه‌.

\"4526.jpg\"
وه‌رگێڕان:
- شازاده‌ ئحتجاب (رۆمان) هووشه‌نگ گوڵشیری ده‌زگای سه‌رده‌م / سلێمانی 1380
- جه‌یمس جۆیس (خوێندنه‌وه‌) ج - م- ستوارت ده‌زگای سه‌رده‌م / سلێمانی 1383
- ماڵی رووناکان (کۆ چیرۆک) نووسه‌رانی ئێرانی ده‌زگای ئاراس / هه‌ولێر 1383
- بارۆنی سه‌ر داره‌کان (رۆمان) ئیتالۆ کالڤینۆ ده‌زگای سه‌رده‌م / سلێمانی 1386
- قه‌سابخانه‌ی ژماره‌ 5 (رۆمان) کوورت ڤۆنێ گات ده‌زگای سه‌رده‌م / سلێمانی 1387
- سووکی له‌تاقه‌ت به‌ده‌ری بوون (رۆمان) میلان کۆندێرا ده‌زگای سه‌رده‌م / سلێمانی 1388