ماڵی مامۆستا هێمن لەمەهاباد کرایە مۆزەخانە + وێنـــە

21:40 - 11 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ماڵی مامۆستا هێمن موکریانی لە شاری مەهاباد لە رێوڕەسمێکی تایبەتیدا وەک مۆزەخانە پێناسە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی مانگی خەرمانان بە بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی ئەدەبی و هونەریی شاری مەهاباد، ماڵی مامۆستا هێمن موکریانی شاعیری نەتەوەیی کورد کرایە مۆزەخانە.

لە سەرەتای ئەم رێوڕەسمەدا \"ئەحمەد قازی\" لە دووتوێی وتارێکدا کرانەوەی ئەم مۆزەخانەیەی بە دەستکەوتێکی مەزن بۆ پاراستنی فەرهەنگ، ئەدەب و هونەری کوردەواری وەسف کرد.

دواتر پەیکەرەی مامۆستا هێمن کەلە حەوشەی ماڵەکەی داندرابوو، لەلایەن \"ئامین ماملێ\" هاوسەری \"محەممەد ماملێ\" هونەرمەندی کۆچکردووی کوردەوە پەردەی لەسەر لادرا.

ماڵی مامۆستا هێمن کەلە چوار ژوور پێکهاتووە، هەر ژوورێک بۆ چوار کەسایەتیی کورد (مامۆستا هێمن، مامۆستا هەژار، مامۆستا محەممەدی ماڵی و محەمد قازی) تەرخان کراوە کەلە هەر کام لەم ژوورانەدا وێنە، ئاسەوار و بەرهەمەکانی ئەو کەسایەتییانە پارێــزگاری دەکرێت.

هەروەها لەو ژوورانەدا دەستنووسراوە، کەلووپەلی شەخسی، دەنگ و فیلمی تایبەت بەم کەسایەتییانە پێشان ئەدرێت.

مامۆستا هێمن ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گوندی لاچینی سەربە شاری مەهاباد لە دایک بووە و ئەلفوبێی لەلای مامۆستا \"سەعید ناکام\" فێر بووە و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن رەوانەی مەدرەسەی سەعادەت لە شاری مەهاباد کراوە.

دواتر لەلایەن باوکییەوە به‌ر خوێندنی مه‌لایه‌تی له خانه‌قای شێخ بورهان نراوە و چوار ساڵیش له‌و خانه‌قایه‌ دەرسی خوێندووه و له ته‌مه‌نی ١٧ ساڵیدا ده‌ستی له خوێندن هه‌ڵگرت و بووه لاوێكی خوێنده‌واری هۆشیار و له‌ وێژه‌ی كوردی و فارسی شاره‌زایه‌كی باشی په‌یدا كرد.

له سا‌ڵی ١٣٢٠ـەوه به‌هره‌ی شاعیری له‌لا خوڵقاوه و ده‌ستی به‌ هۆنینه‌وه‌ی شیعری کوردی كردووه و وەک خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ، له‌سه‌ره‌تادا لاسایی شاعیره مه‌زنه‌كانی پێش خۆی كردۆته‌وه، کە له دوایشدا بووەته خاوه‌نی شیوازێکی تایبەتیی هۆنینەوەی شێعری کلاسیکی کوردی.

ساڵی ١٣٢٣ یەکەم شێعری خۆی لە ژمارە دووی گۆڤاری \"نیشتمان\"دا بە ناوی خوازرانی \"هێمن\" چاپ و بڵاو کردەوە و بە فەرمی بووە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەو گۆڤارە.

ساڵی ١٣٤٩شدا رووی لە باشووری کوردستان کردووە و دواتر ماوه‌یه‌ک له به‌غدا وه‌ک په‌نابەر‌ ژیا و له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی ١٣٥٧دا گه‌ڕایه‌وه كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و گۆڤاری سرووه‌ی ده‌رچوواند.

ئەو شاعیرە مەزنەی کورد ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی كۆچی دوایی كرد.

\"15045.jpg\"

\"15046.jpg\"

\"15047.jpg\"

\"15048.jpg\"

\"15073.jpg\"