ماڵپەڕەکانی ئیتلاعاتی ئێران، تۆمەتی کوژرانی هاووڵاتییەکی کامیارانی دەدەنە پاڵ حیزبی دێموکرات

12:42 - 23 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: ماڵپەڕەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسداران، تۆمەتی کوژرانی هاووڵاتییەکی کامیارانی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی سنە، دەدەنە پاڵ حیزبی دێموکراتەوە.

ماڵپەڕەکانی سه‌ر به‌ ده‌زگا ئیتلاعاتییه‌كانی حكوومه‌تی ئێران، کوژرانی هاوووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "کاوە وەیسانی"، خەڵکی کامیاران و دانیشتووی سنە کە لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی سنەدا ده‌سبه‌سه‌ر كراو و له‌ زینداندا  لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی مەئموورانی ئیتلاعاتی گیانی لەدەست دابوو، دەدەنە پاڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

تۆمەتی کوژرانی "کاوە وەیسانی"، خەڵکی کامیاران و دانیشتووی سنە، لە حاڵێکدا ده‌خرێته‌ ئه‌ستۆی  حیزبی دێموكرات کە ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی سنەدا دەسبەسەر و ڕۆژی هەینی ١٥ی سەرماوەز، تەرمی ئەو لاوە کوردە لە دەورووبەری ئەو شارەدا دۆزراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار نزیک لەو بنەماڵەیە دەڵێت: "ئاسەواری ئازار و ئەشکەنجە بەهۆی لێدانەوە لەسەر جەستەی کاوە دیار بووە".

له‌م ڕۆژانه‌دا به‌رپرسانی حكوومه‌تی بۆ خۆده‌ربازكردن له‌ تاوانی هه‌موو كوشتاره‌كان، باسیان له‌ كوژراوسازی كردووه‌، گوایه‌ لایه‌نی دیكه‌ له‌نێو خۆپیشاندانه‌كاندا كه‌سانی به‌شداریان كوشتووه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ قه‌رارگای ئیمام عه‌لیی سه‌ر به‌ سپای پاسداران، گرووپی جۆربه‌جۆری بۆ كوشتاری خه‌ڵكی ناڕازی بارهێناوه‌  و ناوه‌ به‌ ناوه‌ مانۆڕی پێ داون.