ماڵپەڕی پشتیوانانی ویلایەت (حامیان ولایت) ناڕەزایەتییەکانی مەهابادی خستە ئەستۆی عەرەبستان

18:30 - 18 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ماڵپەڕێکی سەربە ناوەندی دەسەڵات لە ئێران لەژێر ناوی \'\'پێگەی خەبەریی حامیانی ویلایەت\'\'، عەرەبستانی سعوودیی بە رێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانەی مەهاباد تۆمەتبار کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێشتریش جێگری سیاسیی پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا، ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانەی شاری مەهابادی خستبووە ئەستۆی \'\'دێموکرات و کۆمەڵە\'\' لە حیزبە کوردییەکانی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران.

\"26469.jpg\"
ماڵپەڕی پشتیوانانی ویلایەت (حامیان ولایت) سەر به \"بەیتی رەهبەری\"یە
ئەو ماڵپەڕە خەبەرییە و ماڵپەڕەکانی دیکەی لەو چەشنە کە لەلایەن ناوەندە دەسەڵاتدارەکانی حکوومەتی ئێران و \'\'بەیتی رەهبەری\'\'یەوە پشتیوانی دەکرێن، رێکخراوی موجاهیدنی لەژێر ناوی \'\'منافقین\'\' لە هاندەرانی ئەو ناڕەزایەتییانەی مەهاباد لە قەڵەم داوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ماڵپەڕەدا هاتووە: \'\'ئەو رەوتە کە ئامانجی لەباربردنی دۆخی هێمنی ئەو رووداوە و هەڵخڕاندنی هەستی قەومی ــ مەزهەبیی خەڵکی هەبوو، روونی کردەوە کە زیاترین چالاکیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە دەرەوەی وڵات ئەنجام داوە و زیاترین رێژەی ئەو چالاکییانە لە عەرەبستانی سعوودی بوون.

\"26471.jpg\"
رادفەر جێگری سیاسیی پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا
جێگری سیاسیی پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە کۆڕی هەواڵنێران و میدیا حکوومەتییەکان، هەڕەشەی لە خەڵکی شاری مەهاباد بە شێوەیەکی توندتر لە ئەگەری بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتییەکاندا کردبوو.