ماوەی پێنج ڕۆژە خوێندکارانی بواری نەوت مانیان گرتووە

14:35 - 21 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی پارێزگای خووزستان، بۆ پێنجەمین ڕۆژی بەردەوام، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن و مانیان لە خواردن گرتووە.

ڕادیۆ فەردا لەمبارەوە بڵاوی کردەوە، ئەم ناڕەزایەتییانە دوابەدوای قسەکانی کەریم سەلەحشور، جێگری هێزی ئینسانیی وەزیری نەوت هاتە ئاراوە کە گوتبوی؛ \"وەزارەتی نەوت هیچ بەڵێنێکی لەمەڕ دامەزراندنی خوێندکارانی زانکۆکانی نەوت نەداوە\".

ئەم قسانە لە کاتێکدا بڵاو بوونەتەوە کە لە دەفتەری هەڵبژاردنی بواری خوێندندا (دفترچە انتخاب رشتە) هاتووە دەرچوانی زانکۆکانی نەوت لە وەزارەتی نەوتدا دادەمەزرن.

خوێندکارانی ناڕازی دەڵێن؛ تاکوو بە نووسراوە کێشەی دامەزراندنمان چارەسەر نەکرێت، دەست لە مانگرتن هەڵناگرین و لە هیچ کام لە تاقیکارییەکاندا بەشداری ناکەین.

پێشتریش لە مانگی جۆزەرداندا، وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەر چەشنە ڕاکێشانی هێزی نوێی لە وەزارەتخانەکەیدا قەدەخە ڕاگەیاندبوو، کە لەگەڵ دژکردەوەی خوێندکاران بەرەوڕوو بوویەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەشدا مانگرتنێکی هاوشێوە لە لایەن خوێندکارانی زانکۆی سەنعەتی نەوتەوە بەڕێوەچوو کە بە بێ ئاکام کۆتایی پێهات.