ماوەی ٢ مانگە چارەنووسی ئەفسانە بایزیدی دیار نییە

21:38 - 5 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو مانگ بەسەر دەستبەسەر کرانی ئەفسانە بایزیدی، کچە خوێندکاری کوردی خەڵکی بۆکاندا تێپەڕ دەبێت و هەتا ئێستا چارەنووسی روون نەبۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەفسانە بایزیدی کە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ٦٠ رۆژ دەستبەسەری، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

\"21784.jpg\"
ئەفسانە بایزیدی، کچە خوێندکاری کوردی خەڵکی بۆکان
ئەو کچە خوێندکارە، تەنیا بەهۆی ئەوەیکە لەگەڵ \"خواهران زینبە)ی زانکۆی مەراغە تووشی دەمەقاڵە هاتبوو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، دایکی ئەفسانە بایزیدی بەناوی ئەمینە دەروێشی لە رێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ئەمساڵدا بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کچە دەستبەسەر کراوەکەی، ماوەی ٥ کاتژمێر لەبەر دەم ئیتلاعاتی بۆکان چاوەڕوانیی وڵامی کردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەیکە مەئموورانی ئەو ئیدارەیە وڵامیان پێ نەدابوویەوە، سووکایەتی و بێحورمەتیشیان پێکردبوو.

ئەفسانە بایزیدی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویش دەستبەسەر و دواتر بە دانانی ١٠٠ ملوێن بارمتە لە زیندان ئازاد کرا، کە سەرئەنجام رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٣، حوکمی ٢ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراوی بۆ برایەوەو دواتریش بۆ درێژەدان بە خوێندن بۆ زانکۆی پەیام‌نووری مەراغە دوور خرایەوە.