ماوەی ٣ مانگە پاسپۆرتی دایکی "بەهمەن قوبادی" لە ئیتلاعاتدایە

10:30 - 26 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: پاسپۆرتی دایکی "بەهمەن قوبادی"، دەرهێنەری ناسراوی کورد، ماوەی ٣ مانگە لە ئیتلاعات ڕاگیراوە و پێی نادرێتەوە.

"بەهمەن قوبادی"، دەرهێنەری ناسراوی کورد، لە ئینیستاگرامی کەسیی خۆیدا، باسی لە سێ مانگ ڕاگیرانی پاسپۆرتی دایکی لە ئیدارەی ئیتلاعات کردووە کە بەهۆی نەخۆشییەوە، ناتوانێت سەردانی دوکتورەکەی لە دەرەوەی ئێران بکات.

ناوبراو هەروەها نووسیوویەتی: "دایکم کە تووشی نەخۆشیی دڵ و میشک بووە، هەنووکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کوردستان لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە. دایکم بەهۆی ڕاگرتنی پاسپۆرتەکەی لەلایەن ئیتلاعاتەوە، ناتوانێت سەردانی دوکتورەکەی لە تورکیە بکات".

هەروەها باسی لە خراپیی باری تەندروستیی دایکی کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، "بەهمەن قوبادی" هەواڵی دەسبەسەرکردنی دایکی لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی خومەینیی تارانی ڕاگەیاند.