ماوەی ١٠ رۆژە چارەنووسی کچە خوێندکارێکی بۆکانی ناڕوونە

21:24 - 14 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەفسانە بایزیدی، کچە خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری بۆکان، کە ١٠ رۆژ لەمەوبەر دەستبەسەر کرا، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونەو ئەمەش نیگەرانیی لە رادەبەدەری لای بنەماڵە و کەسووکاری ئەو کچە خوێندکارە دروست کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەفسانە بایزیدی تەمەن ٢٨ ساڵ، کە ئێوراەی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی خۆیاندا لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا، هەتا ئێستا لە دەستبەسەریی ئەو هێزانەدا ماوەتەوەو ئازاد نەکراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بە باوکی ئەفسانە بایزیدیان راگەیاندووە، کچەکەت لێرە نەماوەو بۆ قەرارگای سوپای پاسداران لە دەرەوەی شاری بۆکان، کە لەسەر جاددەی سایین قەڵا هەڵکەوتووە، راگوێزراوە.

\"20918.jpg\"
چارەنووسی ئەفسانە بایزیدی خوێندکاری بۆکانی ناڕوونە
سەرچاوەکە گوتیشی: کاتێک باوکی ئەفسانە سەردانی قەرارگای سوپای پاسدارانی کردووە، پێی گوتراوە؛ \"کچەکەت لێرە نییەو ئێمە ئاگاداری دەستبەسەر کرانی ناوبراو نین\".

ئەو کچە خوێندکارە، کەلە زانکۆی پەیام‌نووری شاری بۆکانەوە بۆ زانکۆی مەراغە دوور خرابوویەوە، بەهۆی دەماقاڵە لەگەڵ (خواهرانی زینبە)ی نێو زانکۆ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەفسانە بایزیدی رۆژی رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٢ هاوڕێ لەگەڵ براکەی دەستبەسەر و دواتر بە ١٠٠ ملوێن بارمتە کراو پاشان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەل یەکێک لە حیزبە کوردییەکان ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە.