ماوەی دەسبەسەریی کاتیی "کەیوومەرس لەتیفی" مامۆستای زمانی کوردی درێژ کرایەوە

18:29 - 5 بانەمەڕ 2722

بڕیاری دەسبەسەریی کاتیی "کەیوومەرس لەتیفی" مامۆستای زمانی کوردی، کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە، بۆ ماوەی دوو حەوتوو درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ، بنەماڵەی کەیوومەرس لەتیفی پاش سەردانی دادگای ئینقلابی سنە، ئەوان ئاگادار کراونەتەوە کە بڕیاری کاتیی دەسبەسەریی کەیوومەرس بۆ ماوەی دوو حەوتوو، درێژ کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "کەیوومەرس لەتیفی پاش ڕاگواستنی لە زیندانی سنە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، لەو ماوەیەدا، لە پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە".

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، کەیوومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

پێشتریش هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە کردبوو کە لە میدیاییکردنی دەسبەسەریی کەیوومەرس خۆ ببوێرن و بێدەنگی هەڵبژێرن.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بنەماڵەی "کەیوومەرس لەتیفی" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ئەنجامی بەدواداچوونی بنەماڵەی کەیوومەرس لەتیفی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، خوشکی ئەو چالاکە مەدەنییەیان بە ناوی "ئارەزوو لەتیفی" دەسبەسەر کردبوو.

"ئارەزوو لەتیفی'' پاش دەسبەسەرکرانی کورتماوە، بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندروستی و لێدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ''تەوحید''ی سنە کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندان ساڵی ١٤٠٠، کەیوومەرس لەتیفی تەمەن ٤١ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەسبەسەر کرابوو.

کەیوومەرس چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بووە و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی "مەولەوی" لە سنە بووە.