ماوەی دەسبەسەرکردنی چوار چالاکی سینفیی مامۆستایانی دیواندەرە درێژ کرایەوە

12:13 - 4 پووشپەڕ 2722

بڕیاری دەسبەسەرکردنی "ئومید شامحەممەدی، هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە"، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- دیواندرە درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو چوار چالاکە سێنفییە لەسەر بڕیاری "جەباری" دادستانی گشتی و ئینقلابی سنە، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە.

ئەو چوار چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی کوردستان- دیواندەرە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا تەنیا جارێک پەیوەندیی کورتی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا هەبووە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ئەو چوار چالاکە سێنفییە  پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، ئەو چوار ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

"ئومید شامحەممەدی" ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

دواتر ئەو چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هیوا قورەیشی، پەرویز ئەحسەنی، ئومید شامحەممەدی و کاوە محەممەدزادە