ماوەی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد درێژ کرایەوە

10:54 - 13 رەشەمه 2719

بڕیاری ڕاگیرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شارام کازمیان" کوڕی "فارس"، تەمەن ٤٢ ساڵ، بۆ ماوەی ٢ مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندان، لە لقی لێپرسینەوەی دادگای ورمێ لێکۆڵینەوەی لێکراوە و ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی ڕەشەمە، یەکەم دادگاییکردنی بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو.

"شارام کازمیان" بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە.

ڕۆژی شەممە، ١٢ی ڕێبەندان، ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٣، "شارام کازمیان"، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ لە شاری ورمێ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.