ماوەی حەوتوویەک لە ناڕوونیی چارەنووسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" تێدەپەڕێت

12:45 - 27 بانەمەڕ 2720

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی بانەمەڕ، حەوتوویەک بەسەر ناڕوونیی چارەنووسی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە گرتووخانەی ورمێ، تێدەپەرێت.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" بێئاکام ماوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کرد، هەرچی زووتر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی "حوسێن سەیلاوی، عەلی خسرەجی و ناسر خەفاجیان (خەفاجی)"، سێ زیندانیی عەرەب لە ڕیزی ئێعدام لە نەتەوەی عەرەبی ئەهوازی و "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی لە ڕیزی ئێعدام لە نەتەوەی کورد، ڕوون بکاتەوە.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بانەمەڕ، "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" بە بیانووی کارتی تەلەفۆن بۆ دەرەوەی بەندەکەی ڕاگوێزراوە و لە هۆکاری ڕاگواستنەوەکەی بۆ دەرەوەی بەند، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی شاری شنۆ، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ٩٥، دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپێنانی زۆرەملێ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.

"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، حوکمی ئێعدامی بە تۆمەتی "بغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەسەر "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" سەپاند.

 ئەو حوکمە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دووبارە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرابوو.

دادگاییکردنی دووبارەی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم کراوە بە ئێعدام، ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ئامادەبوونی نوێنەری دادستانی شاری ورمێ بەڕێوەچوو و ناوبراو بۆ دووهەمین کەڕەت بە ئێعدام مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری هەمان ساڵ بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرابوو.

دۆسیەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" پاش بڕینەوەی حوکمەکەی لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٧، پشتڕاست و حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا.

پێشتریش، یەکێک لە نزیکانی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" سەبارەت بە وردەکاریی ڕەوتی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندبووە: "پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووهەمین جار لەسەر داوای حیفازەت ئیتلاعات، دادگا حوکمی ئێعدامی بەسەر ئەو زیندانییە سیاسیە کوردەدا سەپاند".

دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، هەنووکە لە کۆمیسیونی لێبووردن و لێخۆشبوونی شاری ورمێدایە.