مانەوەی هێزەکانی دژە شۆڕش و هێزە ئەمنییەتییەکان لە گوندەی "نێـ"ـی مەریوان

11:07 - 10 خاکەلێوه 2722

نزیک بە دوو حەوتوو لە جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەتی و هێزەکانی دژە شۆڕش لە گوندی "نێـ"ـی مەریوان تێدەپەڕێت و هەتا ئێستا ئەو هێزانە لە مزگەوتی ئەو گوندەدان.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی "نێ" بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "جگە لە جێگیرکردنی ئەو هێزانە لە مزگەوتەکەمان، هەموو ئێوارەیەک ٧ ماشینی هێزە ئەمنییەتییەکان لە پشت گوندی نێ هەتا بەیانی دەبن و مەئموورەکانیان لە دەوروبەری گوندەکە بڵاو دەبنەوە".

سەرچاوەی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسی ئەو ‌هێزەی کە لە مزگەوتی نێ جێگیر کراوە، بانگی منداڵانی کەمتەمەن لەنێوان ٥ هەتا ٧ ساڵی کردووە و بە هەر منداڵێک بڕی ١٠ هەتا ١٥ هەزار تمەن پارەیان پێ داون".

بە وتەی سەرچاوەکەی کوردپا، هەموو بنەماڵەی ئەو منداڵانە کە پارەیان وەرگرتووە لە پێش چاوی بەرپرسی ‌هێزە جێگیرکراوەکەی گوندی "نێ" پارەکانیان دڕاندووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "هەنووکە ئەو هێزانە براونەتە نهۆمی سەرەوەی مزگەوتەکە و نهۆمی خوارەوەی مزگەوتەکە بەهۆی پیسکردنی لەلایەن ئەو هێزانەوە، بۆ شوێنی نوێژخوێندن نابێت و ئیزنی خاوێنکردنەوەی بە خەڵک نێ نادەن".

ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەتی، نیزامی و دژه شۆڕشەکان هێرشیان کردە شوێنی بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی جەژنی نەورۆز لە گوندی "نێـ"ـی مەریوان و پێشیان بەو ڕێوڕەسمە گرت.

نەورۆزی گوندی نێ لە ئاستی کوردستاندا بە بێ‌وێنە لەقەڵەم دراوە و چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەو ڕێوڕەسمەیان بە سەرمەشق و ئۆلگووی رێوڕەسمە نەورۆزییەکانی دیکە ناوزەد کردووە.