مانۆڕی کەسانی سەربە داعش لە شاری سنە، نیگەرانیی هاووڵاتییانی لێکەوتۆتەوە

22:13 - 4 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی رابردوودا و پاش بەربڵاوبوونەوەی هێرشەکانی داعش بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، کردەوەی لایەنگرانی ئەو تاقمە لە شاری سنە، نیگەرانیی هاووڵاتییانی ئەو شارەی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، چالاکیی چەند کەسێکی بە رواڵەت سەربە دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لە چەند شوێنێکی ناوشاری سنە، شەپۆلێکی نیگەرانی و ترسی لای هاووڵاییانی شاری سنە دروست کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە لە زاری چەند هاووڵاتییەکەوە رایگەیاند؛ لایەنگرانی داعش بەشێوەی سازمان دراو لە نێو هاووڵاتیایندا گرتەی ڤیدیۆیی لە چالاکییەکانی ئە وگروپە بڵاو دەکەنەوە.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە؛ ئەو کەسانە لە رێگەی بلووتوسی مۆبایل و سی‌دی، وێنەکانی شەڕی داعش و کوشتن و سەربڕینی هاووڵاتییانی مەدەنی بەدەستی ئەو گرووپە لە نێو خەڵکدا بڵاو دەکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوەو لە چەند رۆژی رابردووشدا، کەسانی سەربە دەوڵەتی ئیسلامی، لە هێندیک لە گەڕەکەکانی ناوشاری سنە و لە کاتی نیوە شەودا ئاڵای رەشی داعشییان هەڵکردبوو.

هەروەها لایەنگرانی دەوڵەتی ئیسلامی، پەڕۆی رەشی ئەو تاقمەیان بە درگای بەشێک لە دووکانەکانی ناوشارەوە چەسپاندووە.

بەگوتەی هێندێک لە هاووڵاتییانی شاری سنە، کەسانی چەکداری سەربە دەوڵەتی ئیسلامی لە گوندەکانی دەوروبەری شاری سنە جێگر کراون و بە ئازادانە بەو ناوچەکەدا دەگەڕێن.

کردەوەی کەسانی سەربە دەوڵەتی ئیسلامی لە شاری سنە، لە کاتێکدایە کە فەرماندەری هێزە ئینتزامییەکانی سەر سنوور رۆژی سێ‌شەممە رایگەیاندبوو: \"سنوورەکانی ئیران لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانی وەکوو داعشەوە هەڕەشە و مەترسییان لەسەر نییە\".

وتەی ئەو فەرماندەرە لە کاتێکدایە، کە ناوشاری سنە و دەوروبەری بۆتە حەشارگەی کەسانی سەربە تاقمی داعش و بە شێوەی ئازادانە هاتووچۆ دەکەن.