مانۆڕی سپا، بوو بە هۆی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی شاهۆ

15:07 - 14 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران بۆ زیاتر میلیتاریزەکردنی کوردستان و چاوترسێنکردنی هاووڵاتییانی کورد و نیشاندانی هێزی خۆی، لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان، مانۆڕێکی نیزامیی لە شاخی شاهۆ دەست پێ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٣ی خەرمانان، لە کاتی مانۆڕی سپای پاسداران لە شاخی شاهۆ، بە تۆپبارانی ئەو زەنجیرە شاخە، بەتایبەت لە گوندەکانی لۆنی سادات و تیلەکۆ، بوو بە هۆی ئاگردانی چەندین لەوەڕگە و سووتانی دارستانەکانی ئەو زنجیرە شاخە.

لەو مانۆڕەی سپای پاسداران لە گوندەکانی لۆن و تیلەکۆ، لەوەڕگەکانی \"کانی زارا، بیرە هەرجینە و مازەرد\" ئاگریان گرت و سووتان.

مانۆڕی نیزامیی سپای پاسداران بەتایبەتی پاش مووشکەبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە، لە کوردستان زیاتر بووە و هەروەها لە ترسی دووبارە ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی شارەکانی کوردستان بە شێوەی مانگرتن، لە شارەکانی ئێران چەکوچۆڵی زیاتر و هێزی نیزامیی هێناوەتە کوردستان.

حەوتووی ڕابردوو، سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ناوچەی شاهۆ حکوومەت نیزامی ڕاگەیاندووە.

لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: \"سپای پاسداران بە خەڵکی گوندەکانی پاڵەنگان و گوندەکانی دەوروبەری ڕادەگەیەنێت، کە لە ڕۆژی ٧ی ڕەزبەر، مانۆڕێکی نیزامیی لە دەوروبەری لەوەڕگەکانی هانیە و گۆزیبان و تەواوی ناوچەی شاهۆ لە دێوزناو هەتا شاخی پیرخدر دەست پێ دەکات و هەتا کۆتاییی ١٨ی ڕەزبەر درێژەی هەیە و هەر جۆرە هاتووچۆی خەڵک، شاخەوانان، گەشتیارەکان لەو ناوچەیە بەبێ هەماهەنگیی لەگەڵ سپای پاسداران قەدەغەیە وبەرپرسایەتیی گیانی هەر کەسێک لە ئەگەری هاتووچۆ لەو لەوەڕگە ئاماژەپێکراوانە لە ئەستۆی خۆیانە\".

سپای پاسداران، پاش مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات، چەندین جار بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبەی لە شاخی \"کۆدۆ، سەقەڕ و بەربەزین لە نێوان سنووری هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە توندی تۆپباران کردووە.