مانگنامەی \"کرێکار\" بۆ رووماڵی رووداوە کرێکارییەکان لەکوردستانی ئێران (بانەمەڕ)

20:51 - 31 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەمانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٣‌ی هەتاوییدا، ٤ کرێکاری خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی روودای کارەوە گیانیان لەدەست داوە و هەروەها لەو ماوەیەشدا ژمارەیەک کرێکاری کوردیش لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە لەسەر کار دەرکراون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ خستنە رووی رێژەی گیان لەدەستدان و بریندار بوونی کرێکارانی کورد لەکاتی کارکردن و رووداوەکانی دیکە، مانگانە راپۆرتی رێژەی قوربانیانی رووداوی کار لەژێر ناوی \"مانگنامەی کرێکار\"‌دا بڵاو دەکاتەوە و دەپڕژێتە سەر چۆنیەتیی قوربانی بوون ئەو چینە لە کۆمەڵگەی کوردەواری.

گیان لەدەست دانی کرێکاران لەکاتی کار کردندا

\"20082.jpg\"
لەماوەی مانگی بانەمەڕدا چوار کرێکاری کورد لەکاتی کار کردن و بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.

زاهیر خزریان خەڵکی پیرانشار، کەیوان ئەڵاوەیسی خەڵکی سنە، یوونس ئەحمەدی خەڵکی کامیاران و سیاوەش، ئەو چوار کرێکارە کوردەن، کە بە هۆی رووداوەکانی بەرق گرتوویی، بەربوونەوە لەبەرزایی و کەوتنە نێو ئاو، گیانیان لەدەست داوە.

سێ‌کەس لەو کرێکارە کوردانە لەهەرێمی کوردستان مردوون.

هەر لەماوەی مانگی بانەمەڕدا ژمارەیەک کرێکار لەلایەن شارەوانیی \"باینگان\"‌ـەوە لەسەر کار دەرکراون.

ئەو کرێکارانە هۆکاری دەرکردنیان دیار نیە و بەشێکیشیان پێشینەی ٤ هەتا ٥ ساڵ کار کردنیان هەبووە و هەنووکەش چارەنووسیان ناڕوونە.

چالاکانی کرێکاری بەردەوام ناڕەزایەتیی ئەوەیان دەربڕیوە کە کرێکاران بەتایبەت لەکوردستان هیچ مافێکی دیاریکراویان نییە و ئەو کرێکارانەشی کە لەکاتی کارکردندا دەبنە قوربانی، خاوەنکار و رێکخراوی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاوڕێکیان لێ‌ناداتەوە و تەنانەت ناهێڵن لەرۆژی تایبەت بەخۆشیان داواکارییەکانیان بێننە بەر باس.

ئەمساڵ لەرۆژی ١‌ی مەی، وەزیری کار ئیزنی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی رۆژی کرێکاری نەدا و بیانووی ئاخاوتنی سەرکۆماری ئێران ئەو مۆڵەتەی هەڵوەشاندەوە و ئەو کارە لەگەڵ رەخنەی توندی چالاکانی کرێکاری و یەک لەوان مەحموود ساڵحی لێکەوتەوە.

بەرپرسی \"خانە کارگر\" رایگەیاندووە، لەدەوڵەتەکانی پێشوودا هیچکات رێگا نەدرا کە رێوڕەسمی رۆژی کرێکار بەویستی کرێکاران بەڕێوە بچێت و لە دەوڵەتی رۆحانیشدا بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، ئەو رێگرییە درێژەی هەبوو و ئەوە شتێک کە بە میرات بۆ دەوڵەت ماوەتەوە.

بەپێی ئەسڵی ٢٧ لەیاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیدا، رێکخستنی کۆر و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان بە مەرجی هەڵنەگرتنی چەک ئازادە، بەڵام بەوتەی چالاکانی کرێکاریی، حکوومەتی ئێران بە بەردەوامی ئەو ئەسڵەی پێشێڵ کردووە.

\"20089.jpg\"

کرێکاران لەرۆژی \"جیهانی کرێکار\"‌یشدا دەبێ‌لەسەر کار بن

\"20080.jpg\"
بەپێی ماددەی ٦٣ لە یاسای کار، لەرۆژی جیهانی کرێکاردا پێویستە کرێکاران لەسەر کار نەبن و ئەو کرێکارانەی کە بە هەر هۆیەک لەسەر کار دەمێنەوە، دەبێ مووچەی ئەو رۆژەیان دووقات بێت.

نەبوونی ئەمنیەتی کار، دواکەوتنی مووچە و هەقدەست، کەمی هەقدەست، رێگە نەدان بە بەڕێوە نەچوونی رێوڕەسمەکان و نەبوونی ئازادی چالاکی سینفی لەو کێشانەن کە بە بەردەوامی ناڕەزایەتیی کرێکارانی بەدواوە بووە.

هەر چەندە حەسەن رۆحانی بە لە هەڵبژاردنەکان بەڵێنیی ئەوەی دابوو، کە لەرێگەی چارەسەرکردنی قەیرانی ئابووری‌یەوە دۆخی کرێکاران و باری گوزەرانی خەڵکی باش دەکات.

لەو بارەیەوە مەحموود ساڵحی چالاکی کرێکاریی کورد رایگەیاندبوو: زۆر ئەستەمە کە ئاڵوگۆڕێک بۆ باش‌بوونی دۆخی کرێکاران لەئێراندا بێتە پێش، چونکە کرێکاران بەبەردەوامی فشار خراوەتە سەر و تەنانەت زۆربەشیان نان بڕاو کراون.