مانگرتنەکەی کەبوودوەند لە زیندان بەردەوامە

21:59 - 27 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، ماوەی ١٠ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و لە بارودۆخی ناڵەباری جەستەیی‌دا بەسەر دەبات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد سدیق کەبوودوەند، بەرپرسی مافی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بە دۆسیەی ساز کراو، بۆ زیندانی کردنی درێژ ماوەی خۆی، ناڕەزایەتی دەربرێوە و ماوەی ١٠ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە، هەتاکوو ئێستا لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە هیچ وەڵامێکی ئەرێنی بە داوکارییەکەی نەدراوەتەوە.

یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی کەبوودوەند، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند و گوتی: بارودۆخی تەندروستیی کەبوودوەند ناجێگیرە و چەند جارێک بۆ بێهداری زیندان گوستراوەتەوە و پزیشکەکانی بێهداریی زیندان بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن بێنێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە، کەبوودوەند لەگەڵ چەند نەخۆشی وەک سەرەگێژە، دابەزینی کێش، یاو و هەروەها ئێشی پڕوستاتەکەی دەستەوئێخەیە کە بە هۆی مانگرتن لە خواردن ڕووی لە زیاد بوون کردووە ، کە ئەمەش بووەتە هۆی ناجێگیر بوونی دۆخی تەندروستیی ناوبراو.

پێشتریش، دەبیر خانەی ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بە دۆسیە سازی و ئەزیەت و ئازاری کەبوودوەند ڕاگەیەندراوی بڵاوکردبووەوە.

محەممەدسدیق كەبوودوەند، چالاكی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووس و دامەزرێنەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٦ دەستبەسەر و لە لایەن دەزگا قەزاییەكانەوە بە تاوانی \"هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی\" و \"دامەزراندنی ڕێکخراوی نایاسایی\" بە ١٠ ساڵ زیندان و هەروەها بە تاوانی پڕوپاگەندە بەدژی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە یەك ساڵی دیکە زیندان مەحكووم كرا.