مانگرتنی گشتی تێکڕای شارەکانی کوردستانی تورکیە دەگرێتەوە

16:12 - 9 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا:بەپێی زانیاری و راپۆرتەکان ئەمڕۆ مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندان لە بەشێک لە شارە کوردنشینەکانی تورکیە دەست پیدەکات.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی سبەی ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ سێشەممە مانگرتن و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ٢٢ شاری کوردستانی تورکیە بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنی بێوادەی زیندانیانی سیاسی دەست پێ بکات.

 \"موراد بوزڵاک\"پەرلەمانتاری پارتی ئاشتی و دێمۆکراستی بە ماڵپەڕی سبەی راگەیاندوە: لە سەرلە بەیانیی ئەمڕۆوە هاووڵاتییانی کورد خۆیان بۆ بەشداری لە خۆپیشاندان و پشتیوانی لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی ئامادە کردووە.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆفی تورکیە، ماوەی ٥٠ رۆژە ٧١٥ زیندانیی کورد لە هێندێ لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە دەستیان داوەتە مانگرتنی بێوادە و بەپێی زانیاریەکان رەوشی تەندروستیی هێندێکان ناجێگیرە.

بەپێی زانیاری و هەواڵەکان، داخوازیی زیندانییانی مانگرتوو بریتین لە:
- خوێندن بە زمانی زگماکی لە قوتابخانەکان بەشێوەی فەرمی کە زمانی کوردیە
- زیندانییان لە دادگاکاندا بە زمانی کوردی بەرگری لە خۆیان بکەن
- ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیە