مێهران ڕەسووڵی و سەردار ڕەنجبەر؛ دوو کرێکاری لاوی کورد، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە داربەس گیانیان لەدەست دا

17:58 - 11 گەلاوێژ 2726

١١ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا، دوو کرێکاری لاوی کوردی خەڵکی شارەکانی بۆکان و سەلماس لە دوو ڕووداوی جیاوازدا، لە کاتی کارکردن لە بینایەکدا بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە داربس گیانیان لەدەست دا. ناسنامەی ئەم دوو کرێکارە «مێهران ڕەسووڵی» خەڵکی بۆکان و «سەردار ڕەنجبەر» خەڵکی سەڵماس ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «مێهران ڕەسووڵی» کۆڕی مەقسوود و نیهایەت، لاوی کوردی خەڵکی بۆکان، دوای ٤٠ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی مەهاباد، بەهۆی سەختیی برینەکانی لە ئاکامی کەوتنەخوارەوە لە داربس لە کاتی کاردا، گیانی لەدەست دا. ئەم ڕووداوە لە کاتی کارکردن لە بینایەک لە شاری سەردەشت ڕوویدابوو.

هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، «سەردار ڕەنجبەر»، کرێکاری لاوی خەڵکی گوندی «کلوران»ی سەر بە شاری سەڵماس، لە کاتی ئەنجامدانی کار لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری ورمێ، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە داربس تووشی ڕووداو بوو و بەهۆی سەختیی برینەکان و کەوتن بە سەر زەویدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی ئاماری ساڵانەی ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران لە ڕووداوەکانی کار لە ساڵی ١٤٠٣دا کە لە ساڵی ١٤٠٤دا بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەی یەک ساڵدا، لە سەرەتای خاکەلێوە تا کۆتایی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لانیکەم هەزار و ٩٨٦ کرێکار لە سەرتاسەری وڵاتدا بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەست داوە. بەپێی ئەم ئامارە، کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە بە پشکی نزیکەی ٤٨٪ لە کۆی گیانلەدەستدانەکان، سەرەکیترین هۆکاری مردنی کرێکاران بووە و زۆربەی زەرەر و زیانەکانیش لە بەشی بیناسازیدا تۆمار کراون.

کارناسان نەبوونی کەرەستەی ئیمەنی، بەکارهێنانی داربەسی ناستاندارد، نەبوونی ڕاهێنانی پێویست و لاوازیی چاودێری بەسەر شوێنەکانی کارکردنی بیناسازیدا بە گرنگترین هۆکارەکانی ئەم ڕووداوە کوشندانە دەزانن.