ئاشخانە؛ محەممەدئەمین ئەسکەندەری، کوردی کرمانج و دەسبەسەرکراوی بەفرانباری ڕابردوو، سزای ۲ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
محەممەدئەمین ئەسکەندەری، هاووڵاتیی تەمەن ۲٤ ساڵانی کوردی کرمانج و خەڵکی "ئاشخانە"ی سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری بۆجنووردەوە سزای ۲ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی: محەممەدئەمین ئەسکەندەری لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری بۆجنووردەوە بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" و "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوە" بە ٢ ساڵ بەندرانی داسەپاو مەحکووم کراوە. ئەم حوکمە بە شێوەی زارەکی لە سەرەتاکانی گەلاوێژی ١٤٠٥دا پێی ڕاگەیەندراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم هاووڵاتییە لە هەموو قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەری کراوە و نە مافی دیاریکردنی پارێزەری دیاریکراوی خۆی هەبووە و نە دادگا پارێزەری بۆ دیاری کردووە. لە ئاکامدا، ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەی بە بێ بوونی پاریزەر بەڕێوە چووە و هەروەها هۆشداریی پێ دراوە کە لە ئەگەری ناڕەزایەتیدەربڕین بە حوکمەکە، سزاکەی زۆرتر دەبێتەوە.
محەممەدئەمین ئەسکەندەری کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، یەک تا دوو حەفتە پاش ناڕەزایەتییەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار، پاش چەندین جار هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش سێ ڕۆژ دەسبەسەرکران لە شوێنێکی نادیار، کە بە وتەی ئەم سەرچاوەیە ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و لێپرسینەوەی لەگەڵ بووە، ڕەوانەی بەندیخانەی بۆجنوورد کرا و پاش ١٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران لە نێوەڕاستەکانی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە لە هەموو ماوەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.