دەرەشاری/ئیلام؛ دوو ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ماهان سەیفی، لاوی ۱۸ ساڵان، بەهۆی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر گرانی
۹ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ پاش تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «ماهان سەیفی»، لاوی ۱۸ ساڵانی کورد و خەڵکی شاری دەرەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «ماهان سەیفی»، لاوی ۱۸ ساڵانی کورد و خەڵکی دەرەشار، ڕۆژی چوارشەممە ۷ی گەلاوێژی ١٤٠٥ بەهۆی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە گرانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادگا دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم لاوە ۱۸ ساڵانە لە ئارادا نییە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە لە مافی پەیوەندیی تلفۆنی، دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.