مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی سانا لە بەنداوی داریان/ ٦ مانگە مووچەیان پێنەدراوە

13:16 - 2 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی شیرکەتی \"سانا\" لە بەنداوی داریانی شاری پاوە، ماوەی ٦ مانگە مووچەیان پێنەدراوەو بەوهۆیەوە مانیان لە کار کردن گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی ٢ رۆژە کرێکارانی شیرکەتی \"سانا\" لە بەنداوی داریانی سەربە شاری پاوە لە ئوستانی کرماشان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دواکەوتنی مووچەی ٦ مانگیان، بۆ جارێکی دیکە دەستیان دایەوە مانگرتن.

\"22277.jpg\"
کرێکارانی ئەو شیرکەتە، کە پێشتر و لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١١ی خەرمانان لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارەدا مانیان گرتبوو، لە ئێستاشدا ماوەی ٢ رۆژە لە شوێنی کارەکەیان لە بەنداوی داریان مانیان گرتووەو ناچنە سەر کارەکانیان.

ئەو کرێکارە کوردانە کە زۆربەیان خێزاندار و خەڵکی کەم داهاتی ئەو ناوچەیەن، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکەیان تووشی گرفت و فشار بوون و خوازیاری پێدانی خێرای مووچە دواکەوتووەکانیانن، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی ئەو شیرکەتە خۆیان لە دانی مووچەکانیان بواردووە.

شیرکەوتی \"سانا\"، سەرقاڵی دروست کردنی وزەخانەی بەرقیی لەبەنداوی داریانی شاری پاوەیە و ساڵی رابردووش بەهۆی مانگرتنی کرێکارانی ئەو شیرکەتەوە، ١٢ کرێکاری لەسەر کار دەرکردبوو.