مانگرتنی مامۆستایان پێی نایە دووهەمین ڕۆژەوە

13:33 - 13 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: مانگرتنی سەرتاسەری فەرهەنگییان لە هەمبەڕ جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکانیان، پێی نایە دووهەمین ڕۆژی خۆیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی ڕەشەممە، فەرهەنگییان لە کوردستان و ئێران بۆ دووهەمین ڕۆژ، مانگرتنی سەرتاسەرییان گرتووە.

ئەو مانگرتنە لە شارەکانی سەقز، مەریوان، سنە، پاوە، کرماشان، نۆدشە، سەوڵاوا و کامیاران، لەگەڵ مانگرتنی مانگی خەزەڵوەڕ، زۆرتر بووە.

شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگییان لە ئێران ڕایگەیاند: هەواڵەکان باس لە شکڵ گرتووەی مانگرتن لە تەواو پارێزگاکانی ئێران دەکات و زیاتر لە سەد شار و دەیان گوند مانیان گرتووە و بە داخەوە زۆربەی مانگرتووەکان هەواڵی مانگرتنەکەی خۆیان بڵاو نەکردووتەوە.

بە وتەی شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران، تەنیا لە شاری سەقز ٥٠ قوتابخانە لەو مانگرتنە چاڵاک بوون و هێندێک لە قوتابخانەکانیش داخراون.

فەرهەنگییان هەروەها پێداگریان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە، ئەو مانگرتنە بە شێوی خۆڕسک، بە دوور لە هیچ چەشنە مەسائیلی سیاسی و جەناحیە.

ڕێکەوتی ١ی ڕەشەممە شۆرای هاوئاهەنگی دامەزراوەکانی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران لە هەمبەر جێبەجێ نەکردنی داخوازی فەرهەنگییان لە بانگەوازێکدا، داوای لە فەرهەنگییان کرد کە لە ڕۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ڕەشەممە مان بگرن لە چوون بۆ سەر پۆلەکانی خوێندن خۆیان ببوێرن.