مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان مانگێک پاش مانگرتنی ڕەزبەر

15:26 - 22 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بۆ دووهەمین جار مامۆستایانی شارەکانی کوردستان و ئێران لە قوتابخانەکان مانیان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، مامۆستایانی قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران ناڕەزایەتییان لە مەڕ جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکانیان دەربڕی و مانیان گرت.

سەرەڕای هەڕەشەکانی حیراسەت و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان ،مامۆستایانی شارەکانی کرماشان، سنە، مەریوان، دیواندەرە، دێوڵان و سەقز مانیان گرت و لە چوون بۆ پۆلەکان خۆیان بوارد.

مامۆستایانی قوتابخانەکان هۆکاری ئەم مانگرتنەیان بۆ \"نەبوونی بەرنامەڕێژی بۆ دابین کردنی هێزی مرۆیی پێویست، پشتگوێخستنی قوتابخانە پتورکاوەکان کە گیانی قوتابییەکانی خستووتە مەترسییەوە، سەپاندنی دەرماڵەی خوێندن بە سەر بنەماڵەی قوتابییەکان کە بە پێچەوانەی ئەسڵی سییەمی یاسای بنەڕەتییە و لە کۆتاییدا دۆخی ژیانی فەرهەنگییان و پێشگرتن لە چالاکی سێنفی مامۆستایان\"، ڕاگەیاندووە.

ئەم مانگرتنە سەرتاسەرییە کە هەتا سبەی درێژەی هەیە، مامۆستایانی مانگرتوو دووپاتیان کردووتەوە کە \"ئەم مانگرتنە دوور لە کێشەی سیاسی و جەناحی و سەر بە هیچ گرووپێکی سیاسی لە ئاستی ئێراندا نییە.

چەند ڕۆژ پێش، شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوەی سێنفی فەرهەنگییان لە ئێران لە بانگەوازێکدا داوای لە فەرهەنگییان کرد کە لە ماوەی ڕۆژانی ٢٢ و٢٣ خەزەڵووەر، بە نیسبەت جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکان مان بگرن.