مانگرتنی "سۆهەیلا حیجاب و زەینەب جەلالیان" درێژەی هەیە

12:08 - 3 پووشپەڕ 2720

"سۆهەیلا حیجاب"، پارێزەری کوردی خەڵکی کرماشان و "زەینەب جەلالیان" کە هەنووکە لە  بەندی دابڕگەی زیندانی قەرچەکی وەرامین ماوەی زیندانییەکەیان تێدەپەرێنن، لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوامن.

"سۆهەیلا حیجاب" بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر بنەماڵەکەی و بارودۆخی نالەباری زیندان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانەوە لە زیندانی قەرچەکی وەرامین مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو پارێزەرە کوردە، داوای ڕاگوازتنەوەی لە زیندانی قەرچەک بۆ زیندانی ئێڤین کردبوو؛ هەتا ئێستا بەرپرسانی زیندان وڵامی داواکارییەکەی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەیان نەداوەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان، "سۆهەیلا حیجاب" بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرا.

لەلایەکی دیکەوە، "زەینەب جەلالیان"، زیندانیی سیاسیی کورد، ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان، پاش ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ ڕاگواستنی بۆ زیندانی "خۆی" یان "ئێڤین"، مانی لە خواردن گرتووە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، "زەینەب جەلالیان''، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری ماکۆ، بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزرا.