مانگرتنی زیندانییەکی کورد لە هاوخەمیی گیراوانی مەدەنی‏دا

15:15 - 9 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد بە مەبەستی هاوخەمی لەگەڵ گیراوانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە تاران، دەستی دایە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژی ڕابردووەوە چالاکی سیاسیی کورد ئاسۆ ڕۆستەمی، لە زیندانی ئێوین‏دا دەستی داوەتە مانگرتنێکی بێ‏سنوور بە مەبەستی هاوخەمی لەگەڵ گیراونی چەند ڕۆژی ڕابردوودا.

ئەو زیندانییە کە ١٥ مانگ لە ٧ ساڵی حوکمەکەی خۆی تێپەڕ کردووە، داوای کردووە کە بە زووترین کات گیراوەکان ئازاد بکرێن.

\"28827.jpg\"
ئاسۆ ڕۆستەمی
ئاسۆ ڕۆستەمی لەکاتێدا مانی لە خواردن گرتووە کە ناوبراو خەرمانانی ئەو ساڵ تووشی وەستانی مێشک بوو.

لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، نزیک بە ٢٠ کەس لە کەس و کاری زیندانیانی سیاسی و بێ‏سەر و شوێن بووەکان، بە وەڕێخستنی ڕێپوان لە بەردەم \"زیندانی ئێوین\" و \"بینای لاستیکی دنا\"دا، خوازیاری وەڵامدانەوەی بەرپرسانی ئەمنی و قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوون.

ئەو ٢٠ کەسە کە زۆربەیان چالاکی ناسراوی مەدەنین، بە بڕیاری حکوومەت گیراون و بردراونەتە زیندانی قەرچەکی وەرامین و زیندانی ئێوین و لەوێش بە نیشانەی ئەو کردەوە نایاساییە، دەستیان داوەتە مانگرتن.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی سەرماوەرز، ٧ کەس لە گیراوەکان کە پێنجیان ژنن، بە دانی کەفالەت ئازاد کراون.