مانگرتنی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی سەقزدا درێژەی هەیە

11:12 - 3 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، زیندانییەکی سیاسیی کورد درێژەی بە مانگرتنکەی خۆی دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مانگرتنی "ئیقباڵ زارعی"، زیندانیی سیاسی کورد لە گرتووخانەی شاری سەقز، بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانی درێژەی هەیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی شاری سەقز، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، گوشاری خستووەتە سەر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە هەتاکوو کۆتایی بە مانگرتنکەی خۆی بهێنێت.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، داواکاریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزی بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەی ڕەت کردووەتەوە".

ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی شاری سەقز، لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە ڕەوتی دادوەریی دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرتووە.

دادستانی شاری سەقز، ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دەربڕیبوو، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات پێشی بە ئازادکردنی گرتبوو.

ناوبراو ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ساڵی ٩٥ لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری، مەحکووم کرا.