مانگرتنی زیندانییەکی سیاسی کورد پێی نایە ١٥هەمین ڕۆژەوە

15:22 - 19 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دۆخی زیندان و ڕاگواستنی لە زیندانی تەبەسەوە بۆ بیرجەند، مانی لە خواردن گرتووە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی سیاسی کورد بە ناوی محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی، ماوەی ١٥ ڕۆژە لە گرتووخانەی شاری بیرجەند مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوە مافی مرۆڤییەکان باسیان لەوە کردووە، ئەو زیندانییە سیاسییە ماوەی ٧ ڕۆژە \" مانگرتنی ویشکی\" گرتووە.

\"28793.jpg\"
محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی
عەبدوڵڵاهی کە بەم‏دوایانە ڕەوانەی گرتووخانەی بیرجەند کراوە، خوازیاری \"مەرەخسی\" و كەڵک وەرگرتن لە \" ئازادیی مەرجدار\" بووە.

محەممەد ئەمین، خەڵكی شاری بۆكانە و ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی دەستبەسەر كراوە و دوای ١٥ مانگ ناڕوونیی دۆسییەكەی، سەرەنجام لەلایەن دادگای \"ئینقلاب\"‌ی مەهابادەوە بەتاوانی \" هاوكاری لەگەڵ حیزبە كوردییەكان\" و \" محاربە\" سزای ١٨ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی تەبەسی بەسەردا سەپا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتریش لە گرتووخانەی ناوەندیی تەبەس لە پارێزگای خوراسانی باشوور، مانی لەخواردن گرتبوو.

محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی جارێکی دیکەش هاوڕێ لە گەڵ فەخرەدین فەرەجی بۆ پشتیوانی لەكۆبانی و مەحكووم كردنی تیرۆریزم و هێرشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی، هاواری کپ كراوی خۆیان لەڕێگەی مانگرتنەوە دەربڕیبوو.