مانگرتنی زیندانییانی ڕەجایی شاری کەرەج گەیشتە ٢٢ ڕۆژ

15:55 - 29 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ١٩ کەس لە زیندانییانی سیاسیی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە هەمبەرگوازتنەوەیان بۆ ساڵونی ١٠ وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕینێک لە هەمبەر ئەو بڕیارە ٢٢ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد مەردانی، بەرپرسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لە سەر بڕیاری بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەی زیندانەکان ٥٣ زیندانی ساڵونی ١٢ بەندی ٤ی بۆ ساڵونی ١٠ ئەو زیندانە گوازتووەتەوە.

ئەو بڕیارە لەگەڵ دژکردەوە زیندانیان بەڕەوڕوو بووەوە و زیندانییەکان ڕایانگەیاندووە، لە ئەگەری گواستنەوەی زۆرەملێیان مان لە خواردن دەگرن.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی گەلاوێژ، بەرپرسانی زیندان داوایان لە زیندانییان کردووە، دەست لە هیچ شتێک نەدەن، ژوورەکانی خۆیان چۆڵ بکەن و لە ساڵون کۆ ببنەوە. لەگەڵ خۆڕاگری زیندانییەکان لە بەرانبەر ئەو بڕیارە، گاردی زیندان بە سەرپەرەستی یووسف مورادی بەرپرسی حیفازەتی زیندان بە زۆری ڕژانە ناو ساڵونەکە و دەستیان بە ئازار و ئەشکنجەی زیندانیان کرد و بۆ سالۆنی ١٠یان گواستنەوە.

زیندانیان بە نیشانی ناڕەزایەتی دەبڕین لەم هەوڵەی بەرپرسانی زیندان، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و داوای گەڕانەوەیان بۆ سالۆنی ١٢دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"لە نۆژەن کردنەوەی سالۆنی ١٠، ٤٠ کامێرای چاوەدێری ٦٤ دەزگای \"گوێدێریی\" (شنود) لە سالۆن و لە هەموو ژوورەکان و تەنانەت لە گەرماو و شوێنە بێهداشتییەکان دانراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو:\" بەرپرسی زیندان داواکاری زیندانییانی بۆ گواستنەوەی بەشێک لە کەرەستەی زیندانییەکان بۆ سالۆنی ١٠ بە شکاندنی مانگرتنەکەیان گرێداوە و هەڕەشە گواستنەوەی زیندانییانی مانگرتووی بۆ ژووی تاکەکەسیان کردووە\".

زیندانییانی سیاسی دووپاتیان کردووتەوە، هەتا کاتێک هەموو کەرەستە تایبەتییەکانیان، خەسارەتی لە ناوچوونی کەرەستەکانیان پێی نەدەنەوە، ناچنەوە بۆ سالۆنی ١٢ و دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو:\" ژمارەیەک لە زیندانییانی مانگرتووە لە دۆخێکی نالەبار دەژین و بەرپرسی زیندان بۆ گواستنەوەی ئەوان لە دەرەوەی زیندان بۆ چارەسەری پزیشکی پێشگیری کردووە\".

هەنووکە ١٩ کەس لە زیندانییانی سیاسیی ڕەجایی شاری کەرەج مانیان لە خواردن گرتووە.