مانگرتنی دووکانداران لە کوردستان بەرینتر بووە

15:05 - 28 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی مەریوان و سەقز، چوونە ڕیزی دووکاندارە مانگرتووەکانی جوانڕۆ و بانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، مانگرتنی بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ درێژەی هەیە و لەو پەیوەندییەدا، دووکاندارانی شارەکانی مەریوان و سەقزیش دووکانەکانیان داخست.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: بازاڕیانی شاری مەریوان و سەقز بە داخستنی دووکانەکانیان و ڕاخستنی سفرەی خاڵی ناڕەزایەتییان بە نیسبەت داخرانی سنوورەکان و بەرزبوونەوەی \"تعرفەهای گمرکی\" ڕاگەیاند.

بە وتەی هەواڵنێری کوردپا، بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ لە مانگرتنی گشتیدان و هەتا ئێستە کۆتایییان بەو مانگرتنە نەهێناوە.

لەو پەیوەندییەدا، نژاد شەهیدی، جیگری سیاسیی فەرمانداریی شاری بانە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیرنا\" بە ئاماژەکردن بە مانگرتنی بازاڕیانی ئەو شارە ڕایگەیاندووە:\" دەستە دەرکییەکان لە هاندانی دووکانداران و پیشەوەران بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین لەو شارە و داخرانی یەکەکانی بازرگانی سێنفی ڕۆڵیان هەیە\".

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، بازاڕیان و دووکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان و زۆربوونی \"تعرفە‌های گمرکی\" مانیان گرت و داوای کرانەوەی سنوورەکان دەکەن.

گوزەران و ژیانی زۆربەی شارە سنوورییەکانی کوردستان، بە سنوورەکانەوە بەستراوە، کە ماوەیەکە بە هۆکاری نادیار داخراون.