مانگرتنی دووکانداران لە چەند شارێکی کوردستاندا

14:16 - 16 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی گرانبوونی شتومەک و نەبوونی کەرەستە سەرەکییەکان لە بازاڕ و قۆرغکرانیان لە لایەن بازرگانەکانەوە، بوو بە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی چەند شاری کوردستانی ڕۆژهەڵات مانگرتنی گشتیی بەڕێوە ببەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی هەواڵنێرانی ئەم ئاژانسە لە کوردستان، شاری سنە بە شێوەیەکی ڕێژەیی داخراوە و بە لەبەرچاوگرتنی ڕۆژانی نێوەڕاستی حەفتە، هاتووچۆوەکان کەم و بەشێکی بەرچاوی بازاڕەکان داخراون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە بە ئاژماژەکردن بە داخرانی پاساژەکانی ئازادی، ئاربابا، گوڵستان و خەیام، هۆی ئەم داخرانەی بۆ گرانی و کەمبوونی شتومەک لە بازاڕکانی ئەو شارەی گەڕاندەوە.

لەو پەیوەندییەدا، دووکاندارنی شەقامی سیروسی شاری سنە، دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە و پشتیوانیان لە دووکانداران و مانگرتووانی شارەکانی دیکەی کوردستان کردووە.

هەروەها شاری سەقزیش بە داخستنی دووکانەکانی بازاڕی سەر و خواروو، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر گرانی و نەبوونی و هەڵاوسان دەربڕیوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شارەکانی پیرانشار و مەریوانیش ڕایانگەیاند: دووکانداران و بازاڕیانی ئەو شارە بە داخرانی دووکان دەستیان بە مانگرتنی گشتی کردووە.

هەواڵنێرانی کوردپا لە شارەکانی کوردستان لە سەر ئەو بڕاویەن، لە ئەگەری بەردەامیی مانگرتنی ئەو چەند شارە، شارەکانی دیکە کوردستان پشتیوانیی خۆیان لە دووکاندارانی مانگرتووە دەردەبڕن.

چەند ڕۆژ پێش، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بنیرێک بە نیسبەت گرانی و قۆرغکردنی شتومەکەکان لە ئێران و کوردستان لە لایەن بازرگانەکانەوە بڵاو بووەوە و چالاکانی مەدەنیی ئێرانی و کوردستانی پشتیوانیی خۆیان لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتی دەربڕیبوو.