مانگرتنی دووبارەی مامۆستایان بەهۆی چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان

16:58 - 19 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایان و فەرهەنگییەکانی ئێران سەبارەت بە بەدووادانەچوون و پشتگوێ خرانی کێشەکانیان جارێکی دیکە دەست دەدەنەوە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستایان و فەرهەنگییەکانی سەرانسەری ئێران لەمەڕ دۆخی خراپیی گوزەران و کەش و هەوای قەیراناوی وەزارەتی پەروەردە وڵامدەر نەبوونی دەوڵەتی روحانی و مەجلیس لەهەمبەر کێشەکاندا، لەبەردەم مەجلیس و وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان خۆپیشاندان دەکەن.

ئەو کۆبوونەوەیە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەبەرانی خۆپیشاندانەکە لەبەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە، ئەو کۆبوونەوانە تەنیا بەمەبەستی داخوازیی سینفی بەڕێوەدەچێت و فەرهەنگییەکان ناهێڵن کە ئەو کۆبوونەوانە بۆن و بەرامەی سیاسیی بە خۆیەوە بگرێت.

ئەو بەڕێوەبەرانە داوایان لەمامۆستایان و فەرهەنگییەکان کردووە کە لە خۆپیشاندانەکەدا پلاکاردی ڕەنگی رەش و دروشمی تایبەت بە داواکاری سینفی بەدەستەوە بگرن.

هەر لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک لەمامۆستایانی کورد لەئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و کوردستان بە ناردنی نامەیەک بۆ مەجلیس خوازیاری بایەخدانی زیاتر بە \" روتبەبەندیی مامۆستایان\" بوون.

ماڵپەڕی مامۆستایانی ئێران ئەو نامەیەی مامۆستایانی کوردی بڵاو کردۆتەوە کە بۆ کۆمیسیۆنی پەروەردە و توێژینەوەی مەجلیسی ئیسلامی ئێرانیان ناردووە.

رێکەوتی ١٠ی رەشەممەی ساڵی رابردوو مامۆستایان لەسەر بانگەوازی کانوونی سینفی مامۆستایان لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و ئێعترازی خۆیان سەبارەت بە دۆخی نالەباری ژیان و گوزەرانیان دەربڕیبوو.

بەپێی ئامارەکان نزیک بە یەک ملیۆن مامۆستا ئەرکی پەروەردەکردنی ١٤ ملیۆن قوتابیان لەئەستۆیە.