مانگرتنی دووبارەی دوکانداران و بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بە هۆی داخستنی سنوورەکان

16:22 - 26 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بازاڕیان و دوکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ جارێکی دیکە بە هۆی داخستنی سنوورەکان مانیان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، بازاڕیان و دوکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان و زۆربوونی \"تعرفە‌های گمرکی\" مانیان گرت و داوای کرانەوەی سنوورەکان دەکەن.

بازاڕییانی شاری بانە لەو مانگرتنەدا، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەهۆی داخستی سنوورەکان، سفرەی خاڵیان لە بەرانبەر پاساژی بەهەشت ڕاخست.

لەو پەیوەندیەیدا، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوە، بازاڕییان و دووکاندارانی شارەکانی: سەقز، جوانڕۆ و مەریوان بە داخستنی بازاڕ داوای کردنەوەی سنوورەکانیان کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦، دووکاندار و بازاڕیانی پیرانشار و بانە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی سنوورەکان مانیان گرت، کە بە هۆی دەستێوەردانی هێزەکانی ئیتلاعات و دروستکردنی فشار لەسەر بازاڕیان مانگرتنەکەیان شکاند.

گوزەران و ژیانی زۆربەی شارە سنوورییەکانی کوردستان بە سنوورەکانەوە بەستراوەتەوە کە ماوەیەکە بە هۆکاری نادیار داخراون.