مانگرتن و هەڕەشەی کوشتن، گیانی زیندانیانی مانگرتووی ورمێی خستۆتە مەترسییەوە

15:33 - 21 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەکان، زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ‌پاش تێپەربوونی ٢٣ رۆژ، لەسەر مانگرتن و داواکانیان بەردەوامن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ هەینی ٢٣ رۆژ بەسەر مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێدا تێپەڕ دەبێ و لە ئەنجامی ئەو مانگرتنەدا بارودۆخی تەندروستی و جەستەیی ژمارەیەک لەو زیندانیانە بەرەو خراپی رۆیشتووەو بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەکانیش بۆ کۆتایی هێنان بەو مانگرتنە هەڕەشەی کوشتنیان لە چەند زیندانییەک کردووە.

عەبدوڵڵا مەحموودی، شێرکۆ حەسەن‌پوور، سیروان نژاوی و عەلیڕەزا رەسووڵیو عەلی ئەفشاری بەهۆی ئەو مانگرتنەوە تووشی لاوازیی جەستەیی بوون و بەو هۆیەوە دۆخی تەندروستییان تێکچووە.

عەلیڕەزا رەسووڵی، یەکێک لە زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ کە ماوەی ٣٢ (سی و دوو) رۆژە مانی لە خواردن گرتووە، لە بارودۆخێکی مەترسیداری جەستەییدایە و لە کاتێکدا بۆ بێهداریی نیو زیندانیش گوازرابوویەوە، ئیزنی بە پزیشکەکان نەدابوو، کە سیرۆمی لێ بدەن.

هاوکات لەگەڵ ئەو دۆخەی نێو زیندانی ورمێ، ٢٠ کەس لەو زیندانییانەی کە لە بەندی \"تاوانە گشتییەکانەوە\" بۆ بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ گوازرابوونەوە، لە نامەیەکدا داوایان کە بگەڕیندرێنەوە بۆ بەندەکەی خۆیان، بەڵام بەرپرسانی زیندان دژایەتییان لەگەڵ داوای ئەو زیندانییانەدا کردووە.

ئەو دژایەتییەی بەرپرسانی زیندان لە کاتێکدایە، کە جیاکردنەوەی زیندانیانی سیاسی لە زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددەی هۆشبەر و تاوانەکانی دیکە، یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی زیندانیانی سیاسیی مانگرتووی کورد لە بەندی ١٢ی زیندانی ورمێیە.

دەگوترێ، عەلی ئەفشاری زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە، لە ئەنجامی ئەو مانگرتنەدا دۆخی جەستەیی تێکچووەو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان گوازرابوویەوە، کە لە کاتی گەڕانەوەدا لەلایەن مەئموورێکی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی، هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو.

هاوەکات لەگەڵ بەردەوامیی فشارەکان بۆسەر زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری زیندانیکراوی کورد لە زیندانی ورمێ، لە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەزەوە مانی لە خواردن گرتووە.

لە رۆژانی رابردووشدا چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی کورد لە وڵاتانی دەرەوە بە وەرێخستنی خۆپیشاندان و مانگرتن پشتیوانییان لە زیندانیانی سیاسیی ورمێ کردووەو دوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ناونەدەکانی داکۆکیاری مافی مرۆڤ کردووە، کە لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی زیندانیانی ورمێدا بێدەنگ نەبن.

رۆژی ٢٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ ٢٨ زیندانیی سیاسیی کورد لە بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە فشار و ئەشکەنجەی سەر زیندانیان و هەروەها جیاکردنەوەیان لەگەڵ زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددەی هۆشبەر و تاوانە گشتییەکان، مانیان لە خواردن گرتووە، کە لە ماوەی رابردووشدا زیاتر لە ٤٠ زیندانیی سیاسیی کورد و غەیرە کورد بۆ پشتیوانی لە داخوازیی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ، مانیان لە خواردن گرتووە.