مانگرتن و هاوخەمیی کوردەکانی ئێران لەگەڵ کۆبانی، لەپەرەسەندن دایە

15:58 - 15 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لەنووسەر و چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە کوردستان و ئێران لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیان لەخەڵکی کۆبانی دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەدرێژەی رەوتی بەردەوامی پشتیوانییەکانی کەسایەتی و قەڵەم بەدەستانی کورد لە کەمپەینی \" کۆبانی بەتەنیا جێ‌مەهێڵن\"، دکتور \"کامران مەتین\"‌یش چووە ریزی مانگرتوانەوە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆی نێودەوڵەتیی \"ساسکس\"‌ی بریتانیا لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی دەربڕیوە و هەروەها دەستی بەمانگرتنیش کردووە.

پێشتریش شارام نازری و سەدیق تەعریف دوو هونەرمەندی ناسراوی کوردستان پەیوەست بە کەمپەینی مانگرتوانی ببوون.

پێنج چالاکی مافەکانی ژنانیش لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی کۆبانی دەبڕیوە.

سیمین چایچی، ئێحترام عیشقی، پەروین زەبیحی، شادی نەزەریان و رۆیا مەلەکی ئەو پێنج کەسەن کە بەیاننامەکەیان بڵاو کردۆتەوە.

\"22491.jpg\"
ئەسغەر فەرهادی براوەی خەڵاتی ئۆسکار پشتیوانیی خۆی لە کۆبانی دەربڕی
لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەکی بەرچاو نووسەر، رووناکبیر و چالاکی فەرهەنگی لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری پشتیوانی نێودەوڵەتی لەخەڵکی کۆبانی بوون.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە: داوا لە سەرجەم ناوەندە نێودەوڵەتی و لایەنە پێوەندیدارەکان دەکەین کە هەر چی خێراتر بەهانانی خەڵکی کۆبانییەوە بچن و کۆتایی بە کوشتاری ئەو مرۆڤانە بێنن.

ئەسغەر فەرهادی، فەریاد شیری، داریووش میهرجوویی، عیسا سەحەرخیز، میهرداد عیمادی، مەحبووبە میرغەدیری، عەلیڕەزا مەجایی، محەمەەد کیشاوەرز، عەباس مەخبیر، حەسەن سانعی و پیگا ئێقباڵزادە لە واژۆکارانی بەیاننامەکەن.

کەمپەینی کۆبانی بەتەنیا جێ‌مەهێڵن، رێکەوتی ١١ رەزبەر دەستی بەچالاکییەکانی کردووە و ئامانجەکەشی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هێرشەکانی داعش و ئەنجامدانی چالاکی مرۆڤدۆستانە راگەیاندووە.
\"22485.jpg\"

\"22486.jpg\"