مامۆستایەکی کوردی خەڵکی مەهاباد دەسبەسەر کرا

21:53 - 18 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن مەئموورانی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بانەمەڕ، یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری مەهاباد، بە ناوی \"یاسر ئەمینی‌ئازەر\"، خەڵکی ئەو شارە، لە لایەن مەئموورانی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا کوردە، لە کاتی هاتنە درەوەوە لە قوتابخانە، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار براوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: یاسر ئەمینی‌ئازەر، مامۆستای بیرکاریی قوتابخانەی شاری مەهابادە و بەدواداچوونەوەکانی بنەماڵەی ئەمینی‌ئازەر، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو، بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەسبەسەرکردنی، لە بەردەستدا نییە.

پێشتریش، ئەو مامۆستا کوردە، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧دا، بە هۆی مانگرتنی سەرەتاسەریی مامۆستایان، بانگهێشتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەهاباد کرابوو و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردبوو.