مامۆستایەکی کورد لە مافی مورەخەسی و ئازادی بێمەرج بێبەرییە

16:27 - 15 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کورد خەڵکی شاری دیواندەرە لە زیندانی ناوەندی شاری سنە، لە مافی ئازادی بێمەرج و مورەخەسی بێبەرییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئومید شامحەممەدی، مامۆستای کورد خەڵکی شاری دیواندەرە، لە زیندانی سنە لە مافی مورەخەسی و ئازادی بێمەرج بێبەری کراوە.

ئەو مامۆستا کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی جۆزەرەدان، بۆ تێبەراندنی ماوەی یەکساڵ زیندانییە تەعزیرییەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندی شاری سنە، کرا.

ئەو چالاکە سێنفییە، ڕۆژی ٢ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، ڕۆژێک پێش لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئومید شامحەممەدی و ناوبرایان دەسبەسەر کرد. ئەو مامۆستا کوردە، پاش دەسبەسەری بۆ گرتنگەی قەراگای سپای شارامفەڕی سنە ڕاگوێزرا.

ئەو مامۆستا کوردە، دوای ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی لە گرتنگە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.